*خواردن و خواردنه‌وه‌*
  هه‌ندێك ئامۆژگاری بۆ پاراستنی ددان
 

هه‌ندێك ئامۆژگاری‌ بۆ پاراستنی‌ ددانه‌كانت

دكتۆر زانا حسێن عه‌زیز

ئاشكرایه‌ كه‌ زۆر بۆچوون‌و تێگه‌یشتنی‌ ناڕاست‌و دروست هه‌یه‌ كه‌ زۆر باوه‌ له‌ناو خه‌ڵكدا‌و كاریگه‌ری‌ خرایی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی‌ ده‌م‌و ددانه‌كان له‌گرنگترینیان ئه‌مانه‌ن:٠

یه‌كه‌م: زۆر كه‌س وا ده‌زانن كه‌ به‌كارهێنانی‌ فڵچه‌ی‌ زبر زۆر باشتره‌ له‌فڵچه‌ی‌ نه‌رم بۆ شتنی‌ ددانه‌كانیان، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، چونكه‌ به‌كارهێنانی‌ فڵچه‌ی‌ زبر ده‌بێته‌ هۆی‌ خوراندنی‌ ددانه‌كان له‌شوێنی‌ ملی‌ ددانه‌كه‌وه‌‌و زبر بوونی‌‌و پاش به‌كارهێنانی‌ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر، كه‌ له‌كۆتایدا ده‌بێته‌ هۆی‌ هه‌ستیار بوونی‌ ددانه‌كان‌و دابه‌زینی‌ پووكی‌ ده‌وری‌ ددانه‌كان‌و درێژ بوون‌و ناشیرین بوونی‌ ددانه‌كان، بۆیه‌ به‌كارهێنانی‌ جۆره‌ فڵچه‌یه‌ك كه‌ نه‌رمه‌‌و تاڵه‌كانی‌ زۆر‌و چڕن له‌گه‌ڵ‌ هه‌ویری‌ ددانی‌ به‌فلۆركراو باشترین ڕێگه‌یه‌.٠
دووه‌م : هه‌ندێك كه‌س بۆچوونیان وایه‌ كه‌ له‌كاتی‌ شتی‌ ددانه‌كان به‌فڵچه‌، ئه‌گه‌ر تووشی‌ خوێنبه‌ربوونی‌ پووك هاتن، ئه‌وا پێویسته‌ ده‌ست هه‌ڵگرن له‌شتنی‌ ددانه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌ته‌واوه‌تی‌ پێچه‌وانه‌كه‌ی‌ ڕاسته‌، چونكه‌ خوێنبه‌ربوونی‌ پووك له‌كاتی‌ شتنی‌ ددانه‌كاندا، مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پووكی‌ ددانه‌كه‌ هه‌وكردنی‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش له‌ئه‌نجامی‌ نه‌شتنی‌ ددانه‌كانه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ پاشماوه‌ی‌ خۆراك‌و دروستبوونی‌ كلسی‌ ددانه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌له‌قین‌و كه‌وتنی‌ ددانه‌كان كۆتایی‌ دێت ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر فه‌رامۆش بكرێت. سه‌ره‌ڕای‌ دروستبوونی‌ بۆنی‌ ناخۆشی‌ ناو ده‌م، بۆیه‌ له‌كاتی‌ بوونی‌ ئه‌م دیارده‌یه‌دا پێویسته‌ سه‌ردانی‌ پزیشكی‌ ددان بكرێت بۆ پاككردنه‌وه‌ی‌ ددانه‌كان، پاشان به‌رده‌وامبوون له‌شتن‌و پاككردنه‌وه‌ به‌فڵچه‌‌و ده‌رمانی‌ ددان هه‌تا خوێنبه‌ربوونه‌كه‌ ده‌وه‌ستێت.٠
 سێیه‌م:
هه‌ندێك كه‌سی‌ تر بۆچوونیان وایه‌ له‌كێشان‌و له‌ده‌ستدانی‌ ددانه‌كان‌و دروست نه‌كردنه‌وه‌ی‌ ددانی‌ ده‌ستكرد له‌شوێنیان، كاریگه‌ری‌ نییه‌ له‌سه‌ر ددانه‌كانی‌ تر، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، چونكه‌ كێشانی‌ ددانه‌كان‌و دروست نه‌كردنه‌وه‌یان ده‌بێته‌ هۆی‌ ناڕێكی‌‌و شێواوی‌ له‌جووتبوونی‌ ددانه‌كان‌و خواربوونه‌وه‌ی‌ ددانه‌كانی‌ ته‌نیشت ددانه‌ كێشراوه‌كه‌ بۆ بۆشایی‌ ددانه‌ كێشراوه‌كه‌‌و ئه‌مه‌ش كۆتایی‌ دێت به‌دروستبوونی‌ گیرفان له‌نێوان پووك‌و ددانه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی‌ دروستبوونی‌ ئازار‌و هه‌وكردن له‌ماسولكه‌ی‌ ده‌وری‌ شه‌ویلگه‌ی‌ ددانه‌كان‌و جومگه‌ی‌ نێوان شه‌ویلگه‌‌و ئێسكی‌ كه‌لله‌ی‌ سه‌ر، بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زووترین كات پاش كێشانی‌ ددانه‌كان‌و چاكبوونه‌وه‌ی‌ شوێنی‌ برینه‌كه‌، ددانی‌ ده‌ستكردی‌ بۆ دروست بكرێته‌وه‌.٠
چواره‌م: هه‌ندێك خه‌ڵك پێیانوایه‌ به‌كارهێنانی‌ ددانه‌كان بۆ كردنه‌وه‌ی‌ سه‌ری‌ شووشه‌ی‌ خواردنه‌ گازیه‌كان یان خۆراكی‌ له‌قووتوونراو نیشانه‌ی‌ به‌هێزی‌ ددانه‌كانیانه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م شێوازه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ دروستبوونی‌ درز له‌چینه‌كانی‌ ددانه‌كان‌و هه‌ستیاربوونیان‌و شكانیان، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر ددانه‌كان ده‌رمار‌و كرۆكه‌كه‌ی‌ ده‌رهاتبێت كه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ لاوازبوونیان.٠
پێنجه‌م: هه‌ندێك كه‌سی‌ تر وای‌ بۆ ده‌چن به‌كارهێنانی‌ ده‌رمانی‌ سپیكه‌ره‌وه‌، كه‌ له‌بازاڕ‌و كۆگاكاندا ده‌فرۆشرێت باشترین به‌ڵگه‌یه‌ بۆ سپیكردنه‌وه‌ی‌ ددانه‌كان‌و هه‌رزانتره‌‌و كاتێكی‌ كه‌متری‌ پێده‌چێت، به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌مادده‌‌و گیراوانه‌دا هه‌رچه‌نده‌ زانستین‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ سپیكردنه‌وه‌ی‌ ددانه‌كان، به‌ڵام وه‌كو ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ لای‌ پزیشكی‌ ددانه‌كه‌ ده‌كرێت، چونكه‌ خه‌ستی‌‌و پێكهاته‌ی‌ ئه‌م گیراوانه‌ وه‌كو پێویست نییه‌‌و سپیكردنه‌وه‌كه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م ده‌خایه‌نێت، یان هه‌ندێكجار به‌كارهێنانی‌ ئه‌م گیراوانه‌ زیانی‌ زۆرتری‌ هه‌یه‌ بۆ ددانه‌كان وه‌ك له‌سوود بۆ ددانه‌كان، چونكه‌ ڕٍاسته‌ ئه‌م گیراوانه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ سپیكردنه‌وه‌ی‌ ددانه‌كان، به‌ڵام هۆكاری‌ سپیكردنه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرجار ئه‌م گیراوانه‌ مادده‌ی‌ ترشه‌ڵۆكی‌ تێدایه‌‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ داماڵینی‌ توێژاڵێك له‌چینی‌ مینای‌ ددانه‌كه‌‌و سپیبوونه‌وه‌ی‌ ددانه‌كه‌، چونكه‌ چینی‌ مینای‌ ددان خۆی‌ له‌ڕاستیدا چینێكی‌ سپی‌ كرستاڵییه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ زبربوونی‌ ددانه‌كان‌و هۆكارێكی‌ باشتره‌ بۆ خێرا پیسبوون‌و زه‌ردبوونی‌ ددانه‌كان به‌هۆی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ خۆراك‌و به‌خێرایی‌ له‌سه‌ر ئه‌و چینه‌ زبره‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ داماڵینی‌ مینای‌ ددانه‌كه‌ دروستبووه‌، بۆیه‌ دوای‌ به‌كارهێنانی‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌م گیراوه‌ بازرگانیانه‌ هه‌ست به‌ئاڵبوونه‌وه‌ی‌ ددانه‌كان ده‌كه‌یت له‌به‌ر بوونی‌ مادده‌ی‌ ترشه‌ڵۆك، هه‌روه‌ك چۆن هه‌ست به‌ئاڵبوونه‌وه‌ی‌ ددانه‌كان ده‌كه‌یت له‌كاتی‌ خواردنه‌وه‌ی‌ بۆ نموونه‌ په‌رداخێك ئاوی‌ لیمۆ یان له‌كاتی‌ خواردنی‌ میوه‌ مزر‌و ترشه‌كان.٠
شه‌شه‌م: هه‌ندێك كه‌سی‌ تر بۆچوونیان وایه‌ كه‌ شتێكی‌ ئاساییه‌، ئه‌گه‌ر ژنانی‌ سكپڕ ددانێك یان چه‌ند ددانێكیان بكه‌وێت له‌كاتی‌ له‌دایكبوونی‌ هه‌ر منداڵێك. ئه‌مه‌ش ناڕاسته‌، چونكه‌ له‌كاتی‌ سكپڕیدا به‌هۆی‌ تێكچوونی‌ هۆرمۆنه‌كانه‌وه‌ هه‌ستیاری‌ پووك‌و ددانه‌كان بۆ نه‌خۆشی‌ زیاتر ده‌بێت، هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ له‌كاتی‌ سكپڕیدا ژنان زیاتر گرنگی‌ به‌ته‌ندروستی‌ ددانه‌كانیان بده‌ن، چونكه‌ گوێنه‌دان به‌ته‌ندروستی‌ ددانه‌كان وه‌ك ئه‌و تێكچوونه‌ هۆرمۆنیانه‌ی‌ كه‌ ڕووده‌دات، هۆكارێكی‌ یاریده‌ده‌ره‌ به‌تایبه‌تی‌ بۆ هه‌وكردنی‌ پووكی‌ ددانه‌كان‌و له‌قین‌و كه‌وتنیان.٠
حه‌وته‌م: زۆربه‌ی‌ خه‌ڵك وا ده‌زانن كه‌ ددانه‌ شیرییه‌كان پێویستییان به‌شتن‌و پاكڕاگرتن نییه‌، چونكه‌ له‌داهاتوودا ده‌كه‌ون‌و ددانه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان جێیان ده‌گرنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ ددانه‌ شیرییه‌كان گرنگی‌ خۆیان هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ تا ته‌مه‌نی‌ شه‌ش ساڵان ده‌ست ناكه‌ن به‌كه‌وتن‌و سه‌رجه‌م ددانه‌كانیش به‌یه‌كجار ناكه‌ون، چونكه‌ هه‌ر ددانێكی‌ شیریی‌، كاتێكی‌ تایبه‌تی‌ هه‌یه‌ بۆ كه‌وتنی‌، تا له‌دواییدا به‌ددانه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان جێیان بگرێته‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ تا ته‌مه‌نی‌ شه‌ش ساڵی‌، ددانه‌ شیرییه‌كان گرنگییان هه‌یه‌ بۆ هاڕینی‌ خواردن‌و گه‌شه‌ی‌ ئێسكی‌ شه‌ویلگه‌ی‌ ددانه‌كان تا له‌دواییدا ددانه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان به‌ناڕێكی‌ ده‌رنه‌چن له‌ناو ده‌مدا، چونكه‌ ددانه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان له‌ڕووی‌ ژماره‌‌و قه‌باره‌وه‌ له‌ددانه‌ شیرییه‌كان گه‌وره‌ترن، جگه‌ له‌وه‌ی‌ كه‌وتنی‌ ددانه‌ شیرییه‌كان له‌ته‌مه‌نێكی‌ زوودا كاریگه‌ری‌ خراپی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر باری‌ ده‌روونی‌ منداڵ‌‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ گاڵته‌كردن پێی‌ له‌لایه‌ن هاوڕێكانییه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ راهێنانی‌ منداڵ‌ هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌ی‌ كه‌ سه‌رجه‌م ددانه‌ شیرییه‌كانی‌ ده‌رده‌چێت له‌ناو ده‌مدا زۆر گرنگه‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ نێوان دوو سال‌و نیو بۆ سێ‌ ساڵی‌ ده‌گرێته‌وه‌، لێره‌دا ئه‌وه‌نده‌ی‌ گرنگه‌ منداڵه‌كه‌ له‌سه‌ر شتنی‌ ددانه‌ شیرییه‌كان رابهێنرێت، ئه‌وه‌نده‌ گرنگ نییه‌ كه‌ ئایا ئه‌و ددانه‌ شتنه‌ به‌ڕێگه‌یه‌كی‌ زانستییه‌ یان نا، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه‌ كه‌ دایك‌و باوكه‌كه‌ هانده‌ر بن له‌سه‌ر راهێنانی‌ منداڵه‌كانیان له‌سه‌ر ددان شتن.٠
هه‌شته‌م: هه‌ندێك دایك بۆچوونیان وایه‌ كه‌ به‌كارهێنانی‌ شووشه‌مه‌مكی‌ شیری‌ ده‌ستكرد كاریگه‌ری‌ باشی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هێوركردنه‌وه‌ی‌ منداڵه‌كه‌ له‌شه‌ودا ئه‌وه‌ش به‌به‌كارهێنانی‌ ئه‌م شووشه‌ شیره‌ ده‌ستكرده‌ له‌ناو ده‌می‌ منداڵه‌كه‌ هه‌تا به‌یانی‌، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م شیره‌ ده‌ستكرده‌ برێكی‌ زۆر شه‌كری‌ ده‌ستكردی‌ تێدایه‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر كلۆربوونی‌ ددانه‌كان به‌تایبه‌تی‌ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ناو ده‌می‌ منداڵه‌كه‌ بمێنێته‌وه‌ تاوه‌كو به‌یانی‌، چونكه‌ شه‌وان له‌كاتی‌ نووستندا ناوده‌م وشك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی‌ تری‌ یاریده‌ده‌ری‌ گرنگه‌ بۆ خێراتر بوونی‌ پڕۆسه‌ی‌ كلۆربوونی‌ ددانه‌كان، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌رده‌وام مانه‌وه‌ی‌ سه‌ری‌ مه‌مكه‌ شیره‌كه‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌كردنی‌ ئێسكی‌ شه‌ویلگه‌ی‌ هه‌ڵگری‌ ددانه‌كان‌و ناڕێكی‌ ددانه‌كان له‌داهاتوودا.٠
نۆیه‌م: هه‌ندێك كه‌سی‌ تر وای‌ پێیانوایه‌ به‌كارهێنانی‌ حه‌بی‌ ئه‌سپرین، كاریگه‌ر‌و بێ‌ زیانه‌ له‌كاتی‌ ئازاری‌ زۆری‌ ددانه‌كان به‌خستنه‌ سه‌ر ددانه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر، ئه‌مه‌ش زۆر هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ حه‌بی‌ ئه‌سپرین مادده‌یه‌كی‌ ترشه‌‌و ده‌بێته‌ هۆی‌ سووتانی‌ ناوپۆشی‌ ده‌م كه‌ زۆر ته‌نك‌و ناسك‌و هه‌ستیاره‌.٠
ده‌یه‌م: هه‌ندێكی‌ تر بۆچوونیان وایه‌ كه‌ ددانه‌ پڕكراوه‌كان جارێكی‌ تر تووشی‌ كلۆربوون نایه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ناڕاسته‌، چونكه‌ ئه‌م كلۆربوونه‌ جارێكی‌ تر دروست ده‌بێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌باشی‌ ددانه‌كان به‌تایبه‌تی‌ نێوان ددانه‌كان پاك نه‌كرێته‌وه‌.٠
یانزه‌یه‌م: هه‌ندێكی‌ تریش وای‌ بۆ ده‌چن كه‌ هه‌تا رێژه‌ی‌ شه‌كر له‌خواردندا زیاتر بێت، كلۆر بوونی‌ ددانه‌كه‌ خێراتر‌و زۆرتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌كتریایانه‌ی‌ كه‌ كلۆری‌ ددانه‌كان دروست ده‌كه‌ن به‌هۆی‌ گۆڕینی‌ شه‌كره‌كان بۆ ترشه‌ڵۆك، بۆ كلۆری‌ ددانه‌كان، ته‌نها پێویستییان به‌بڕێكی‌ كه‌مه‌ له‌شه‌كر بۆئه‌وه‌ی‌ پڕۆسه‌ی‌ كلۆربوونی‌ ددانه‌كان ده‌ست پێبكه‌ن بۆ خێرایی‌‌و زۆری‌ كلۆربوونی‌ ددانه‌كان، هاوكێشه‌یه‌كی‌ ڕاسته‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ كاتی‌ مانه‌وه‌ی‌ شه‌كره‌كه‌ به‌سه‌ر ددانه‌كانه‌وه‌، واته‌ تا ماوه‌یه‌كی‌ زیاتر شیرینییه‌كه‌ به‌سه‌ر ددانه‌كانه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌، پڕۆسه‌ی‌ كلۆربوونی‌ ددانه‌كان خێراتر‌و زیاتر ده‌بێت، نه‌ك به‌هۆی‌ زۆری‌ بڕی‌ شیرینییه‌كه‌وه‌.٠

 
 
  emro 79 visitors (94 hits) kes serdani krduin



 
 
Bu web sitesi ücretsiz olarak Bedava-Sitem.com ile oluşturulmuştur. Siz de kendi web sitenizi kurmak ister misiniz?
Ücretsiz kaydol